من دەڵێم : شاری دڵم باغ و گوڵستانە کەچی
ئەقل دەڵێ: نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی

من دەڵێم: نوختەیی ئەو ڕەوزەنی ئیمانە دەچم
ئەو دەڵێ: نا، ڕەشە، جێ ڕاوگەیی شەیتانە نەچی

من دەڵێم: مەسکەن و ئارامگەیی جانانە دەچم
ئەو دەڵێ: سەربەسەری تێک چووە، وێرانە نەچی

من دەڵێم: جێگەیی ھەر شێت و جنوونانە دەچم
ئەو دەڵێ: نا، زەدەیی پەنجەیی پەریانە نەچی

من دەڵێم: مەرکەزی ئەسراری حەریفانە دەچم
ئەو دەڵێ: جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە نەچی

من دەڵێم: وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم
ئەو دەڵێ: کون کونە جێگەی سەرە پەیکانە نەچی

لەو ھەموو چوون و نەچوونە سەری سووڕ ما «کامیل»
من دەڵێم: جوانە بچم ئەو دەڵی وا جوانە نەچی

سـەید کامیل ئیمامی "ئاوات"



تاريخ : سه شنبه 7 شهريور 1396 | 13:29 | نویسنده : kurdistan |
.: Weblog Themes By VatanSkin :.